مونا نەبی قەهوەچی، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەک بەرپرسیارێتییەکی باڵای نیشتمانی و دەستووری وەسف کرد.
ئەمڕۆ مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرسە تەنیا ئەرکی لایەنێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانەیە کە لە پەرلەماندا نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان داوای کرد کە ناکۆکییە حزبییەکان نەبنە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنی دامەزراوەکاندا و لایەنەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە ڕێگە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ خۆش بکەن.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانە و پاراستنی ئەرکی هەموو لایەکە.