لە دوای لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی گەورەی گەندەڵی لە بازرگانیکردن بە گەنم، بڕیاری دادوەری بۆ زیاتر لە 30 بەرپرس و فەرمانبەر دەرچوو.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە کەرکووک توانیویانە ساختەکارییەکی گەورە لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمدا ئاشکرا بکەن، فەرمانی دادوەری بۆ دەستگیرکردن و ڕاگرتنی 31 تۆمەتبار لە کۆمپانیای میزۆپۆتامیای کشتوکاڵی لە کەرکووک دەرچووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە هەزاران تەن گەنم تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە شێوەیەکی نایاسایی بەبازاڕ کراوە و تۆمار کراوە، ئەو بڕە گەنمە زۆرە بە ناوی سێ هاووڵاتییەوە وەرگیراوە، لە کاتێکدا یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە و دووەکەی دیکەش هیچ کامیان خاوەنی پلانی کشتوکاڵی نەبوون.

 

لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، تۆمەتبارەکان چەندین بەڕێوەبەری پێشوو و فەرمانبەری کۆمپانیاکە و کارمەندانی بانکی کشتوکاڵی لە کەرکووک لەخۆ دەگرن بەهۆی ڕۆڵیان لە خەرجکردنی پارەی گەنمەکەدا، تاوەکو ئێستا فەرمانی گرتن بۆ 10 تۆمەتبار جێبەجێ کراوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەوانی دیکەش بەردەوامە.

 

دۆسیەی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە عێراق، لە ماوەکانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە بوارە پڕکێشەکان و ساڵانە زیانی دارایی گەورەی لێکەوتووەتەوە، دەسەڵاتە دادوەرییەکانیش هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە تاوەکو ڕێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەن.