توێژەران و ژینگەپارێزانی وڵاتی نیوزلەندا سەرکەوتنی پڕۆگرامێکی بەرفراوانیان بۆ ڕزگارکردنی قورسترین کولەی جیهان لە مەترسیی لەناوچوون ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ژمارەی کولەی 'وێتای زەبەلاح' کە بە قورسترین کولەی سەر زەوی دادەنرێت، لە سروشتی نیوزلەندا دەستی بە بووژانەوە کردووە، ئەوەش دوای دەیان ساڵ لە پاشەکشە و دیارنەمانی لە خاکی سەرەکیی وڵاتەکەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی گاردیان، پڕۆسەی بووژانەوەکە بەرهەمی پڕۆژەیەکی چڕی 15 ساڵەی بەخێوکردن و نیشتەجێکردنەوەیە لەلایەن باخچەی ئاژەڵانی ئۆکلاند و دامەزراوەی پاراستنی ژیانی کێوی 'باتەرفلای کریک'ـی نیوزلەندییەوە. درێژیی جەستەی ئەم کولەیە نزیکەی 10 سانتیمەترە و کێشی مێینەکەی دەگاتە کێشی مشکێک، هاوکات درێژیی قاچەکانی دەگاتە 20 سانتیمەتر.
پێشتر، بەهۆی هاتنی ئاژەڵە دەستدرێژیکارەکان و لەناوچوونی ژینگەی سروشتی، ئەم کولەیە لە ساڵانی 1990دا لەسەر لێواری لەناوچوون پۆلێن کرابوو و تەنیا لە چەند دوورگەیەکی سنوورداردا مابووەوە. لە ئێستادا لە ڕێگەی 45 پڕۆسەی گواستنەوەی نزیکەی 11 هەزار کولە بۆ دوورگە و پارێزراوە سروشتییەکان لە باکووری ئۆکلاند لە وڵاتی نیوزلەندا گەڕێنراونەتەوە.
چاودێرییە مەیدانییەکان دەریان خستووە، نەوەی چوارەم و پێنجەمی ئەم زیندەوەرە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە سروشتدا لەدایک بوون، بەوەش پۆلێنەکەی لە 'مەترسیی نیشتمانیی لەناوچوون'ەوە گۆڕاوە بۆ 'بووژانەوەی نیشتمانی'.
کریس گرین، پسپۆڕی فەخریی ژینگەپارێزی لە نیوزلەندا، ئەم ئەزموونەی بە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ پاراستنی جۆرە دەگمەنەکان وەسف کرد، وێتا یەکێکە لە کۆنترین زیندەوەرە بێبڕبڕەکانی سەر گۆی زەوی و مێژووەکەی بۆ پێش ملیۆنان ساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک نیوزلەندا هێشتا بەشێک بوو لە کیشوەری گۆندوانا.