دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکاتەوە.



سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پرسی پێکهێنانی حکومەت، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و دەستکەوتەکانی قوتابییان.



مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابییان کرد و داوای لێکردن زیاتر خزمەتی وڵاتی خۆیان بکەن، ئاوەدانی بکەنەوە، گوێ بە هیچ کەسێک نەدەن و دوور نەکەونەوە لە وڵاتی خۆیان، چونکە ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و زۆرێک لە حەسودەکان چاویان بە سەرکەوتن و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایێت.



لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانانی کرد لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کە هێزی شەڕکەر بوون لە تێکشکاندنی داعش.



سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، داعش بەدەستی پێشمەرگە شکا و ڕاستە هاوکاریی هاوپەیمانان زۆر بوو، بەڵام قارەمانی تێکشکاندنی تیرۆر هێزی پێشمەرگە بوو، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە کوردستان لەپشتی هاوپەیمانان نابێتە پاروو بۆ دوژمن، بەڵکو لەسەر دەستی پێشمەرگە کوردستان پارێزراوە.



سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت و ئەوان لە سەرەتاوە ئامادەی پێکهێنانی حکومەت بوون، هاوکات ئاسانکاری بۆ لایەنەکان دەکەن و تەنانەت لە هەندێک هەقی خۆیان خۆش دەبن بۆ بەرژەوەندیی میللەت.



سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، هیچ هۆکارێک نییە دوای دوو ساڵ هێشتا پەرلەمان کارا نەکرێتەوە و حکومەت پێکنەیەت مەگەر لایەنێک بەرژەوەندیی خۆی لەم دۆخەدا هەبێت.



لە بەشێکی قسەکانی مەسرور بارزانی هاتووە، خەڵکی کوردستان نابێت چیتر لە هیچ هێزێکی سیاسی قبووڵی بکات یاری بە چارەنووسی میللەت بکات و هیوای خواست واز لە بەرژەوەندیی کەسی و حزبی بهێنن، بیر لە وڵات و بەرژەوەندیی میللەت بکەنەوە.



 لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد، ئارامییان سنووری هەیە، لەگەڵ میللەتی خۆیان ڕاستگۆن و دەبێت حکومەت بەزووترین کات پێکبێت.