قۆناغێکی نوێی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ زیاتر لە 3 هەزار کەس بەرەو ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە گوندەواری سەرێکانی بەڕێ کەوتن.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، کاروانی سێیەمی ئاوارەکانی سەرێکانی بە بەشداریی زیاتر لە 500 خێزان بەرەو گوند و شارۆچکەکانی باشووری شارەکە بەڕێ کەوتووە، ئەم کاروانە 3 هەزار و 242 کەس لەخۆدەگرێت و پێک هاتووە لەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە کەمپی واشۆکانی و قوتابخانەکانی حەوانەوە لە شاری حەسەکە نیشتەجێ ببوون.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لە هەر قۆناغێکدا 500 خێزان دەگەڕێندرێنەوە، بە ئامانجی نیشتەجێکردنەوەی دانیشتووان لە 75 گوندی چۆڵکراودا، پلانی دواتریش چۆڵکردنی ئەو ماڵانەیە لە ناو شارەکاندا کە هاووڵاتییانی دیکەیان تێدا نیشتەجێ بوون، تا دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەم هەنگاوە سێیەمین قۆناغی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێک دەهێنێت، دوای ڕێکخستنی کاروانەکانی پێشوو لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، پێشتر لە 10ی ئاب کاروانی یەکەم نزیکەی 400 خێزانی گەڕاندبووەوە، دواتریش لە 8ی ئەیلوول کاروانی دووەم بە بەشداریی نزیکەی 700 خێزان بەڕێ کەوت، بەوەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 600 خێزان لە ژیانی کەمپنشینی دەرباز بوون و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
شاری سەرێکانی و گوندەوارەکانی، لە پاییزی ساڵی 2019ـدا لە ئەنجامی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون بوونەوە و دەیان هەزار هاووڵاتی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کران.