کەیسی کوژرانی سەنعان هەنارەیی، کەسایەتیی نزیک لە لاهور تاڵەبانی و ئەندامی بەرەی گەل، کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە و براکەی نوێترین زانیاری ئاشکرا دەکات.

 

شەوی ڕابردوو لە نزیک گوندی بانەمانی سنووری ناحیەی بەستۆرەی پارێزگای هەولێر، سەنعان هەنارەیی دوای ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی بە برینداری لە شوێنێکی چۆڵەوانیدا فڕێ درا و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. 

 

برای سەنعان هەنارەیی، کەسایەتی نزیک لە لاهور تاڵەبانی و ئەندامی بەرەی گەل بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، براکەی ئەندامی بەرەی گەل بووە و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ لاهور تاڵەبانی هەبووە. 

 

دەربارەی ئاسەواری سەر جەستەی براکەی ئاشکرای کرد، کە بە ساتۆر لە پشتی سەری براکەیان داوە، دەستیان شکاندووە و سینگی شین و مۆر بووەتەوە. 

 

برای سەنعان هەنارەیی دووپاتی کردەوە، گومانیان لە هیچ کەسێک نییە، بەڵام پێی وایە چوار کەس هێرشیان کردووەتە سەری و کوشتوویانە، هاوکات جەختی کردەوە کە دەیانەوێت کێشەکەیان لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر ببنێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد سەنعان هەنارەیی ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی بەرەکەیان بووە.

 

سەنعان هەنارەیی لە ساڵی 1981 لەدایکبووە، ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنابوو و پیشەی کاسب بوو.

 

بەرەی گەل داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێر دەکات، لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی و هەوڵی جددی بدەن بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم تاوانە، لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەریدا.

 

پۆلیسی هەولێر دەربارەی ڕووداوەکە ڕوونیکردەوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستی پێکردووە، شوێنەکە چۆڵەوانییە و ئەو هاونیشتمانییە بە برینداری لەوێ دۆزراوەتەوە و دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.