لە دانیمارک زانیارییە کەسییەکانی نزیکەی 9 ملیۆن هاووڵاتی لە ڕێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورەوە دزەی پێکرا و بەرپرسانی فەرمی ڕووداوەکەیان بە هەڕەشەیەکی ئەمنیی باڵا هەژمار کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی کاروباری دیجیتاڵی لە دانیمارک ڕایگەیاند، گروپێکی هاککەر توانیویانە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بە تۆماری نیشتمانیی وڵاتەکە بگات و زانیاریی کەسیی 8.8 ملیۆن کەس بەدەستبهێنن، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی وەزارەتەکە، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری نیشتمانی ئاشکرای کردووە زانیارییە دزەپێکراوەکان بریتین لە ناو، ناونیشان و ژمارەی ناسنامەی تۆمارکراوان، لەنێویاندا داتای کەسانی کۆچکردوو و ئەو هاووڵاتییانەشی تێدایە لە دانیمارک کۆچیان کردووە.
کریستینا ئێگلوند، وەزیری کاروباری دیجیتاڵیی وڵاتەکە هۆشداریدا، کە ئەم پێشهاتە ڕووداوێکی زۆر مەترسیدارە و ڕوونی کردەوە لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ دیاریکردنی ئاستی تەواوی ئەو زانیاریەنەی کە دزەیان پێکراوە.
حکومەتی دانیمارک ڕوونی کردەوە، هاککەرەکان لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کۆمپانیایەکی دانیمارکییەوە چوونەتە ناو تۆماری نیشتمانی، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە مافی یاسایی بۆ چوونە ناو سیستمەکە هەبووە و ئەو مافەی لێ نەسێنرابووەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی دانیمارک نزیکەی 6 ملیۆن کەسە، بەڵام تۆماری نیشتمانی وڵاتەکە زانیاریی نزیکەی 11 ملیۆن کەسی تێدایە، چونکە تۆماری کەسانی کۆچکردوو و هاووڵاتییانی پێشووش دەپارێزێت، هاوکات لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستیپێکردووە و تا ئێستا ناسنامەی هاککەرەکان بە نادیاری ماوەتەوە.
سیستمی تۆماری نیشتمانی لە دانیمارک، وەک بنکەدراوەیەکی سەرەکیی دەوڵەت دادەنرێت لە ساڵی 1968ەوە زانیاریی شارستانی و کەسیی هاووڵاتییان کۆدەکاتەوە، لەم ساڵانەی دواییشدا کەرتی دیجیتاڵیی ئەورووپا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشە ئەلیکترۆنییە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە.