سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان کردەوە.

 

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردنی لە دانیێل کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، ڕایگەیاند کە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەرلین لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا و هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات کردەوە و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولای بە پێویست زانی.

 

لە بەرامبەردا، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەشی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لە هەر لەیەکتێگەیشتنێکی دوولایەنە کە لە داهاتوودا لە نێوان ئەڵمانیا و عێراق واژۆ بکرێت.

 

لە کۆتای دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی و دانیێل کرێبەر تاوتوێی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و خواستی خۆیان بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە.

 

وڵاتی ئەڵمانیا، ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە، لە ساڵانی ڕابردووشدا لە ڕێگەی مەشقپێکردن، هاوکاریی لۆجیستی بۆ پێشمەرگە و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆییەوە، ڕۆڵێکی کارای لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بینیوە.