کەرتی گواستنەوەی دەریایی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکانی لە ناوچەی کەنداو دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە ڕاوەستان.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، هێڵی دەریایی عێراق ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە دەریایی و بازرگانییەکانی لە ناوچەی کەنداو، ئەوەش دوای دابڕانێکی درێژخایەن کە زیاتر لە 50 ساڵ خایەندووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە، لەسەر ڕێنمایی وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراقی و لە چوارچێوەی پلانی کاراکردنی کەرتی گواستنەوەی نیشتمانی، بڕیارە لە 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ یەکەمین گەشتی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات بەرەو بەندەری ئوم قەسر لە عێراق بەڕێ بکەوێت.

 

وەزارەتی گواستنەوە ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی کەشتیگەلی نیشتمانی بۆ سەر نەخشەی بازرگانیی هەرێمی و بژاردەیەکی عێراقی بۆ گواستنەوەی کۆنتێنەر و کەلوپەل دەڕەخسێنێت، هاوکات ئامانج لە کاراکردنەوەی ئەم هێڵە بریتییە لە بووژاندنەوەی جووڵەی کاڵا لە ڕێگەی بەندەرە ناوخۆییەکان، بەهێزکردنی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و جێبەجێکردنی پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی سیستم و توانای کارپێکردنی کەرتەکە.

 

دوایین گەشتی کەشتییە بارهەڵگرەکانی عێراق لە ناوچەی کەنداودا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم دەستپێکردنەوەیەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ گێڕانەوەی پێگەی گواستنەوەی دەریایی وڵات هەژمار دەکرێت.