زانایان و ئەندازیارانی چینی بواری وزە دەستپێکردنی قۆناغی سەرەکیی دروستکردنی مۆڵگەیەکی نوێی لێکئاڵانی ئەتۆمی بە ناوی "خۆری دەستکرد" ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ تۆڕی میدیای چین بڵاویکردەوە، کۆمەڵگەی تاقیکاریی "بێست" ناسراو بە خۆری دەستکرد چووەتە قۆناغی سەرەکیی بنیاتنان و ئەندازیاران دەستیان بە بەستن و لێکدانی بەشە سەرەکییەکانی کارلێکپێکەرەکە کردووە، ئەم دامەزراوە زانستییە لە شاری هێفێی لە پارێزگای ئانهوی لە ڕۆژهەڵاتی چین دروست دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مدیاییەکە، ئەم کۆمەڵگە تاقیکارییە پێکهاتووە لە کۆگەیەکی موگناتیسیی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە پلازمای گەرم، تا لە ڕێگەی کێڵگە موگناتیسییە بەهێزەکانەوە پلازما لەناو خۆیدا ڕابگرێت و ئەو کارلێکە دووبارە بکاتەوە ملیاران ساڵە لەناو ئەستێرەکاندا ڕوودەدات.
لە ئێستادا لەناو پڕۆژەی "بێست"دا ژووری بۆشایی، قەڵغانی ساردکەرەوە و موگناتیسی ئەڵقەیی تایبەت دادەنرێن، چونکە پلەی گەرمیی پلازما دەگاتە سەدان ملیۆن پلەی سەدی و نابێت بەر دیوارەکانی کارلێکپێکەرەکە بکەوێت تا زیانی پێ نەگات، میکانیزمی پڕۆژەکە پشت بە لێکئاڵانی هایدرۆجین دەبەستێت بۆ دروستکردنی هیلیۆم و بەرهەمهێنانی بڕێکی بێشومار لە وزە، بە مەبەستی گۆڕینی بۆ وزەی کارەبا.
وڵاتی چین پێشبینی دەکەن، کارەکانی دروستکردنی ئەم مۆڵگە ئەتۆمییە لە ساڵی 2027 تەواو ببێت و پسپۆڕان ئومێدەوارن لە ساڵی 2030 بە شێوەیەکی کرداری توانای بەرهەمهێنانی وزەی لێکئاڵانی ئەتۆمی بەشێوەیکەی کارای هەبێت.
لێکئاڵانی ئەتۆمی پێچەوانەی کەرتبوونی ئەتۆمی باو کار دەکات و هیچ پاشماوەیەکی مەترسیداری تیشکدەرەوە لە دوای خۆی بەجێناهێڵێت، ئەم تەکنەلۆژیایە وەک گەورەترین هیوای مرۆڤایەتی دادەنرێت بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەیەکی هەمیشەیی، بێ سنوور و خاوێن لە وزە.