تیروپشکی ئەلیکترۆنیی ناوی حاجیان بۆ تەواوکاریی ساڵی 2027 و تەواوی پشکی ساڵی 2028 بە شێوازێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی و بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا.
ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان به پایتهخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ ساڵی 2027 ناوی 2 هەزار و 400 کەس لە یەدەگەکانی ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی وەرگیراون و کورسییەکانی دیکەش ئەمڕۆ بە تیروپشک پڕ کراونەتەوە، هاوکات بۆ ساڵی 2028 تەواوی پشکی هەرێم کە 5 هەزار و 120 حاجییە یەکلا کراوەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووه، زیاتر لە 116 هەزار هاووڵاتی و بە کۆی گشتی زیاد لە 120 هەزار داواکار ناویان نووسیبوو، پرۆسەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەفافترین شێوە جێبەجێ کرا.
ناوی دهرچووی حهجخوازان: https://hajj.digital.gov.krd/drawing-result
گوتەبێژی حەج و عومرە سوپاسی سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی لە پڕۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان، جەختیشی کردەوە کە ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە لەسەر ئاستی ناوچەکە و زۆربەی وڵاتان وێنەی نییە و زۆر پێشکەوتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکاندا، لە ساڵانی ڕابردووەوە تەواوی سیستەمی ناونووسین و تیروپشکی فەریزەی حەجی کردووەتە ئەلیکترۆنی بە مەبەستی فەراهەمکردنی دادپەروەریی تەواو لەنێوان هاووڵاتیاندا.