بەرەی گەل بە فەرمی کوژرانی چالاکوانێکی خۆی بە ناوی سەنعان ڕەحمان تەها لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات بکەرانی تاوانەکە ڕاپێچی بەردەم دادگا بکەن.
ئەمڕۆ بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، سەنعان هەنارەیی ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی بەرەکەیان بووە و بە دڵێکی خەمبار و قووڵەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی بە دەستی تاوانباران ڕادەگەیەنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێر دەکەن لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی و هەوڵی جدی بدەن بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم تاوانە.
بەرەی گەل جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت تاوانباران دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەریدا.
سەنعان هەنارەیی پاش ئەوەی ڕفێندرا و بە توندی ئەشکەنجە درا، بە بێهۆشی لە نزیک گوندی بانەمانی سەر بە ناحیەی بەستۆڕە فڕێ درابوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.