سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و مەترسیی دروستبوونی لافاو.

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بەخوڕی باران، تیمەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.

 

شارەوانی سلێمانی بە هاوکاریی بۆرد و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی پاشماوە، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵ، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی ڕێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکاندا ئەنجام داوە.

 

هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە هاوکاریی بەپەلە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان بە ژمارە 100 بکەن.

 

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە نزمەپەستانێکی باراناوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا لە ئارادایە.