بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر مەرجێکی نوێی بۆ پێدانی بەنزینی 750 دیناریی حکومی ڕاگەیاند و هۆشداری دەدات کە بەبێ هاوتابوونی ناوی دوو کارت، بەنزین بە شۆفێران نادرێت.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا شۆفێرانی ئاگادار کردەوە کە لە ڕێکەوتی 8-10-2026ـەوە، ڕێکارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە بەنزینخانەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە کاتی وەرگرتنی بەشەبەنزین پێویستە شۆفێران کارتی نیشتمانی و کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ بەنزینخانەکان، بە مەرجێک دەبێت ناوی سیانی سەر هەردوو کارتەکە تەواو هاوتا و وەک یەک بێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە بە پێچەوانەوە، ئەگەر ناوی سیانی سەر کارتی نیشتمانی و کارتی سووتەمەنی وەک یەک نەبێت، شۆفێر لە وەرگرتنی بەنزین بێبەش دەبێت.
ئەم ڕێکارە نوێیە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی و ڕێگریکردن دێت لە کڕین و فرۆشتن بە کارتی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر لهنێوان شۆفێراندا.