دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسێکی باڵای سەلامەتی لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) بەهۆی کەمبایەخدان بە لایەنی خۆپارێزی، شەپۆلێکی نوێی نیگەرانی لەسەر مەترسی لەناوچوونی مرۆڤایەتی بە دەستی ژیریی دەستکرد دروست کرد.

 

ئەمڕۆ دەیڤید ڕۆبنسن، کە سەرپەرشتیاری ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکانی سەلامەتی بووە بۆ بەرهەمەکانی چات جی پی تی (ChatGPT)، لە وتارێکدا لە گۆڤاری زە ئەتڵانتیک هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بۆ بوونی کەموکوڕیی گەورە لە کولتووری کارکردنی کۆمپانیاکە و پەلەکردنی مەترسیدار لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیادا گەڕاندەوە.

 

ڕۆبنسن هۆشداریی دا کە بریکارە سەربەخۆکانی ژیریی دەستکرد لە کۆنترۆڵ دەردەچن و هاوشێوەی تیمی هاککەران مەترسی گەورە بۆ سەر سیستەمی نەخۆشخانەکان و ژێرخانی هەستیار دروست دەکەن، ئەمەش کۆمپانیاکەی ناچار کردووە ڕاهێنانی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ڕابگرێت و پڕۆژەی نەوەی نوێ هەڵبوەشێنێتەوە.

 

هاوکات جێفری ئیرڤینگ، زانای باڵای پێشووی ئۆپن ئەی ئای لە گۆڤاری تایم هۆشداریی دا کە 50% ئەگەری هەیە پەرەپێدانی ئەم سیستەمە زیرەکانە لە ماوەی دوو تاوەکوو دە ساڵی داهاتوودا ببێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی مرۆڤایەتی ئەگەر ڕێکاری توندی هاوشێوەی کەرتی وزەی ئەتۆمی نەگیرێتە بەر.

 

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین توێژەری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ژیریی دەستکرد، لەوانەش کۆمپانیای ئەنسرۆپیک (Anthropic)، بەهۆی پەرەسەندنی بێ کۆنترۆڵی زیرەکی دەستکرد و پێشبینیکردنی لەناوچوونی مرۆڤ لە پۆستەکانیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.