لە ترسی ئەنجامدانی کردەوەی "تیرۆرستی" لە بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیا، ئەمریکا بە ناچاری سەرجەم فرۆکە بۆمبەرەکانی لە وڵاتەکە کشاندەوە.
کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشكرای کرد، هێزی ئاسمانی ئەمریکا سەرجەم فرۆکە بۆمبەرەکانیان لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد RAF Fairford لە بەریتانیا کشاندەوە، ئەمەش دوای ڕووداوێکی ئەمنی لە مانگی ڕابردوو لە بنکە ئاسمانییەکە، کە تێیدا 5 هاووڵاتی بەریتانی و ئێرانییەک دەستگیر کران.
گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆمبەرەکانی ھێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە شێوازێکی ڕۆتینی لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەن بۆ پشتگیریکردنی ئامادەیی هێزی جیهانی و پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکان. ئەو دەستە فرۆکەوانانەی کە هێزی بۆمبەرەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەبەن، وەک فرۆکە جەنگییەکانی B-1، B-2 و B-52، لە ئامادەباشیدان بۆ پێشکەشکردنی تواناکانی ئامانجی وردی جیهانی، لەوانەش لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەن بۆ هەر شوێن و لە هەرکاتێکدا، دواتریش دەگەڕێنەوە ئەمریکا.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 27-9-2026، پێنج کەس بە ڕەگەز بەریتانی کە تەمەنیان لە سەرووی 20 ساڵیدا بوو و دانیشتووی لەندەن بوون، بە گوومانی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد RAF Fairford دەستگیرکان، بەگوتەی پۆلیس، بڕێک لە بەنزینیان لە نێو سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ڤان دۆزییەوە. دواتر کەسێکی دیکە بە ڕەچەڵەک ئێرانی و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی بەتۆمەتی داڕشتنی پلانی تیرۆرستی دەستگیرکرا.
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی ڕووداوەکە بە 'کەناڵی 'بی بی سی'ـی راگەیاندووە، ئاماژەی زۆر بەهێز هەن کە ئێران رۆڵی هەبووە، بەڵام بێگومان لێکۆڵینەوەی پۆلیس هێشتا بەردەوامە و بابەتەکە ئاڵۆزە."
دوای دەستپێکی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە 28-2-2026، حکومەتی بەریتانیا ڕێگەی بە سوپای ئەمریکا دا بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد RAF Fairford و چەند وێستگەیەکی دیکەی وڵاتەکە بەکاربهێنێت، ئەمەش لە ژێر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە ئێران، بەتایبەتی ناوچە مووشەکهاوێژەکانی ئێران کە وڵاتانی کەنداو و کەشتییە بارهەڵگرەکانان لە گەرووی هورمز دەکردە ئامانج.