دکتۆرە پاوان سیروان فارس دزەیی، زانا و توێژەری کورد، لە پۆلێنبەندیی نێودەوڵەتی هەزار پێشەنگی زانایانی جیهان بۆ ساڵی 2026، پلەی 28ـەمی جیهانی و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.

 

پێنوێنی نێودەوڵەتی ئەکادیمی لە هەڵسەنگاندنی نوێی خۆیدا بڵاویکردەوە، دکتۆرە پاوان دزەیی لە بواری پسپۆڕیی کەناڵ و وەرگرەکانی ئایۆن لە پەردەی خانەدا بە نمرەی کاریگەریی 94.34، چووەتە ڕیزی 1.2%ـی پێشەنگی زانایانی جیهان.

 

ئەم پۆلێنبەندییە نێودەوڵەتییە تەنیا پشت بە ژمارەی بڵاوکراوەکان نابەستێت، بەڵکوو پێوەرەکانی وەک قەبارەی ئاماژەپێدانی زانستی لە لێکۆڵینەوەکانی تردا، پێنوێنییەکانی بەرهەمداری و پسپۆڕیی زانستی، ڕۆڵی توێژەر لە بەرهەمهێنانی زانست و بەردەوامیی کاری ئەکادیمی لەبەرچاو دەگرێت.

 

دکتۆرە پاوان دزەیی لە بواری کارئەندامزانی و دەمارزانی پزیشکیدا کار دەکات و توێژینەوەکانی لەسەر کۆئەندامی دەمار، کارکردنی خانە دەمارییەکان و میکانیزمە خانەیی و گەردیلەیییەکانیان چڕ کردووەتەوە.

 

ناوبراو لەپاڵ ئەمه‌دا، لە ساڵی 2017ـەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی دەکات سەبارەت بە گۆڕینی زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ بۆ سەر شێوازی ژمارەیی و دروستکردنی مێشکی ئامێریی زیرەک ده‌كات.

 

دکتۆرە پاوان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری کارئەندامزانیدا بە هاوکاریی زانکۆی پاڤیای ئیتاڵیا کە یەکێکە لە دێرینترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەوروپا و لە ئێستاشدا لە هەمان زانکۆدا وەک توێژەر لە بەشی زانستی مێشک و ڕەفتاردا کار دەکات.

 

هاوکات وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر سەر بە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سەلاحەدینە لە شاری هەولێر و پەیوەندییەکی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو زانکۆدا دروست کردووە.

 

ئەم دەستکەوتە جیهانییە لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و دەرەوەدا پێشوازییەکی فراوانی لێ کرا و وەک سەلمێنەری توانای بەرزی زانایانی کورد لە بەڕێوەبردنی ئاڵۆزترین دۆسیە پزیشکییەکان لە قەڵەم دراوه‌.