لە کێبڕکێی تەکنەلۆژیی جیهانیدا، پێشکەوتنی کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرد بەرامبەر بە چینییەکان پاشەکشەیەکی مێژوویی تۆمارکردووە.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی بلومبێرگ ئینتێڵیجێنس بڵاویکردەوە، پێشکەوتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەسەر ڕکابەرە چینییەکانیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و گەیشتووەتە کەمترین ئاستی تۆمارکراو.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، دوای ئەوەی وڵاتی چین مۆدێلی "دیپ سیک ڤی 4.1 فلاش" لە مانگی ئەیلوولدا خستەڕوو، جیاوازیی نێوان باشترین مۆدێلە چینییەکان و هاوتا ئەمریکییەکانیان تەنها بۆ 3 لەسەد کەم بووەتەوە.
لە کاتێکدا، ئەو جیاوازییە لە مانگی ئایاردا نزیکەی 9 لەسەد و لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 15 لەسەد بوو، شارەزایانی ئەو دامەزراوەیە ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گەشەسەندنە خێرایە دەرفەت بە کۆمپانیا چینییەکان دەدات لە ساڵانی داهاتوودا پشکێکی گەورەتری بازاڕی ژیریی دەستکرد بەدەستبهێنن.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی بلومبێرگ ئینتێڵیجێنس، هۆکاری سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە دەگەڕێنێتەوە بۆ فراوانبوونی ئەزموونی ناوخۆیی لە چین و توانای توێژەران لە گونجاندنی مۆدێلەکان بۆ کارکردن لەسەر کەرەستە و ڕەقەکاڵای ناوخۆیی، ئەمەش گومان لەسەر کاریگەریی سنووردارکردنەکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەکردنی چیپە پێشکەوتووەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا دروست دەکات.
لەسەر ئاستی پێوەرە جیهانییەکانیش، مۆدێلی نوێی ژیری دەستکردی چینی دیپ سیک، پلەی شەشەمی جیهانی لە پێوەری لایڤ بێنچ بەدەستهێناوە و نمرەی 81.1ـی تۆمار کردووە، ئەمەش نمرەیەکی زۆر نزیکە لە بەرزترین نمرەی کۆمپانیای ئانسرۆپیکی ئەمریکی بە 83.4 خاڵ.
سەرەڕای سەرکەوتنی تەکنەلۆژی، کەرتی ژیریی دەستکرد لە چین ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەدەستهێنانی قازانجی دارایی بووەتەوە بەهۆی کێبڕکێی توندی دابەزاندنی نرخ و بوونی زیاتر لە 1100 مۆدێلی زمانیی گەورە لە بازاڕدا، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 ئەو کەرتە لە چین نەتوانێت قازانج تۆمار بکات.
هەرچەندە پلاتفۆرمی دوباوی سەر بە کۆمپانیای بایت دانس پێشەنگی بەدەستهێنانی داهاتە، خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیا چینییەکانی دیپ سیک و تێنسێنت بەبێ بەرامبەر بەردەستن، بۆیە دروستکردنی کەرتی بەردەوامی قازانج پێویستی بە یەکگرتنی کۆمپانیاکان و کەمکردنەوەی فشارە داراییەکان دەبێت.
هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین، لە ململانێیەکی توندی بەدەستهێنانی باڵادەستیی تەکنەلۆژیدان، چونکە ژیریی دەستکرد بە بنەمای سەرەکیی گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەژموونی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.