مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵان لە پارێزگای دیالە پاش خواردنەوەی 6 قوتوو لە خواردنەوەی وزەبەخش لە ماوەیەکی کەمدا گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ كهناڵی شهرقییه و بهشێک له میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، مێرمنداڵەکە بە ناوی زولفەقار وەلید دانیشتووی ناحیەی عەبارەی سەر بە قەزای بەعقووبەیە و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە.
بەپێی زانیارییەکان، بە مەبەستی بردنەوەی ئۆتۆمبێلێک لە کێبڕکێیەکی بازرگانیدا ئەو بڕە زۆرەی لە خواردنەوەی وزەبەخش بەکارهێناوە، لە کاتێکدا تووشبووی نەخۆشیی شەکرە بووە بەبێ ئەوەی پێشتر پێی بزانێت.
ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی نیگەرانیی لە عێراق دروست کردووە و داواکاریی هاووڵاتییان بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان و مێرمنداڵان لە بازاڕەکاندا زیادیکردووە.
پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی بەردەوام هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ سەر مێرمنداڵان، بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە کافاین و شەکر کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دڵ دروست دەکات.