نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کرد و گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشتر به‌ كه‌متر له‌ 150 هەزار دینار جێگیر ببوو.

 

ئه‌مڕۆ ڕێکەوت تۆفیق، مامه‌ڵه‌كاری دراو له‌ شاری سلێمانی به‌ پایته‌خت میدیای ڕاگەیاند، كه‌مێک له‌مه‌وبه‌ر نرخی 100 دۆلار گەیشتە 161 هەزار دینار و لە ئێستاشدا بە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

 

ئەو مامەڵەکارەی دراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵکشانە گەورەیە پەیوەندیی بە کڕینی هاووڵاتییانەوە نییە، بەڵکوو بازرگانە گەورەکان و فرۆشیارانی دۆلار هۆکاری سەرەکی گرانبوونی دراوەکەن بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێکی سیاسی یان ئابووریی نوێ لە ئارادا بێت.

 

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە هەرچەندە نرخەکە لە 161 هەزارەوە کەمێک جووڵەی کردووە بۆ 160 هەزار، بەڵام ئەمە کاتییە و پێشبینی دەکات لە کاتەکانی داهاتوودا بازاڕ پاشەکشە بکات، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات هۆشیار بن و تەنیا بۆ پێداویستیی ڕۆژانە دۆلار بکڕن.

 

لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار لە دەوروبەری 146 بۆ 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام گۆڕانكارییه‌ خێراكانی ناوچه‌كه‌، هاوكێشه‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆییه‌كان، هاوكات یاریپێکردنی بازاڕ لەلایەن بازرگانانەوە نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.