ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی 20ـەمی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، کە تێیدا سەرۆک بارزانی لە وتارێکی هەمەلایەندا تیشکی خستە سەر هەستیاریی هاوکێشە ناوچەیییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ئەرکی نەتەوەییی قۆناغەکە.

 

سەرۆک بارزانی لە دەستپێکی شیکردنەوە سیاسییەکەیدا بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی یەکجار هەستیاردایە و لە ئێستادا کەس بە تەواوی ناتوانێت پێشبینیی ئاراستەی ڕووداوەکان بکات و بزانێت دۆخەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.

 

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕووی دا، بەڵام هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی تا ئاستێکی زۆر لە بەڵایەکی یەکجار گەورەی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە پارێزران.

 

سەبارەت بە شێوازی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆک بارزانی هەڵوێستی فەرمی هەرێمی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند، خواستی ئێمە هەمیشە ئەوەیە کە باشترین و تەندروستترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت.

 

سەرۆک بارزانی بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە نە دوژمنایەتیمان لەگەڵ ئێران هەیە، نە لەگەڵ تورکیا و نە لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکی دیکەی ناوچەکە و جیهان، هاوکات هیوای خواست کە ئاگری شەڕ لە کۆڵ ناوچەکە ببێتەوە و سەرجەم گرژییەکان بە ئاشتی و دانوستان کۆتایییان پێ بێت.

 

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا کە تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە دۆخێکی باشدان.

 

سەرۆک بارزانی جه‌ختی کردەوە کە سەرجەم داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردان و گوتی: "ئێمە بەپێی دەستوور مافەکانمان داوا دەکەین، هەرگیز داوای هیچ شتێک ناکەین کە لە دەستووردا نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کەمتر لەوەش ڕازی نابین کە لە دەستووردا بۆ گەلی کوردستان چەسپێنراوە."

 

هەر لەبارەی پەیوەندییە سیاسییەکانی عێراقەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی لەو ڕێککەوتنە سیاسییە کرد کە پێشتر لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و هادی عامریدا واژوو کراوە. هۆشداریی دا لەسەر گرنگی پابەندی بەو ڕێککەوتنەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر لایەنەکان لە بەغدا ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەن بێگومان باش دەبێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێی نەکەن، ئەو کاتە ئێمە بیر دەکەینەوە و بڕیار دەدەین کە هەڵوێستی داهاتوومان چۆن دەبێت.

 

لە بەستەری ئەم پەیامە سیاسییانەدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر بنەمایەکی باڵای نەتەوەیی کردەوە کە پێویستە هەموو تاکێکی کورد بیزانێت و ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، دەبێت هەموومان بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر خۆمان نەبین، کەس نایەت و نامانپارێزێت. سەرۆک بارزانی ڕووی لە کادیران کرد و پێی گوتن: "ئەم بنەمایە بکەنە پرەنسیپێکی نەگۆڕ و بڕوابەخۆبوون لە دەروونی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بچەسپێنن."

 

لە بەشێكی دیكه‌ی وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر پێگە و مێژووی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و زەروورەتی مێژووییی دروستبوونی. ڕوونی کردەوە کە پارتی لە سەردەم و قۆناغێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە زەحمەتدا بۆ نەتەوەی کورد دامەزرا، لە کاتێکدا کە پیلانەکان هەوڵی شکاندنی ئیرادەی کوردیان دەدا، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا نائومێدی لە دەروونی خەڵکدا جێگیر ببێت و توانی ئومێد و خۆڕاگری بخاتەوە ناو ناخی هەموو تاکێکی کورد.

 

هەر لە باسی خەباتی نەتەوەییدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە شۆڕشەکانی گەلی کوردستان کرد و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بە سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر بە نموونە هێنایەوە، کە شۆڕشێک بوو سەرجەم نەتەوەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە دەوری یەک ئامانج کۆ کردەوە.

 

هاوکات لەبارەی شۆڕشی گوڵانیشەوە سەرۆک بارزانی وەفاداریی خەباتی هاوبەشی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی برایانمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نەبووایە، هەرگیز نەماندەتوانی بەو شێوەیە بەردەوامی بە شۆڕش بدەین.

 

جەختی لەوەش کردەوە کە پارتی حەقیقەت و هۆشیاریی نەتەوەییی گەیاندە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و بڕوابەخۆبوونی لە ناخی میللەتدا دروست کرد، ئەمەش ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەیە کە بە مێژووی ئەم بزووتنەوەیەوە نووسراوەتەوە و دەبێت نەوە لە دوای نەوە بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت.

 

سەرۆک بارزانی داوای لە دەرچووانی پەیمانگەکەی كرد کە سوودی تەواو لەو زانست و مەعریفەیە وەربگرن کە لە خولەکەدا فێری بوون و باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ پەروەردەی فکری و سیاسی بۆ کادیر یەکجار گرنگە بە تایبەت لەم سەردەمە ئاڵۆزەدا، و دەبێت کادیری حزبی بە زانست چەکدار بێت تا بتوانێت بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بەهێز ڕووبەڕووی سەرجەم ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان ببێتەوە.

 

لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا، قادر قاچاخ، بەرپرسی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران وتارێکی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی پەیمانگەکە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر دەستی مستەفا بارزانی کرد و گرنگیی بەردەوامیدانی بەم خولانە لە ئاستە جیاوازەکاندا روون کردەوە.

 

لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەشدا، سەرۆک بارزانی بە گەرمی پیرۆزبایی لە 96 قوتابی دەرچووی خولی بیستەم کرد و وێڕای دەستخۆشی لە مامۆستایان، بڕوانامە و خەڵاتی ڕێزلێنانی بەسەر دەرچوواندا دابەش کرد.