موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مەسعود پزیشکیان دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی پەسەند کردووە و بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی، حەمید بۆڤەردی وەک سەرپەرشتیاری نوێی وەزارەتەکە دەستنیشان کردووە.
حەمید بۆڤەرد پێشتر وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران کاری دەکرد و لە ئێستادا ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەی پێ سپێردراوە.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە کە کەرتی وزەی ئێران بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاودا بووەتەوە.
لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی پاکنەژاد لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی ئێران ئەو کاتە هەواڵەکەی ڕەت کردەوە و جەختی لە بەردەوامی ناوبراو لە پۆستەکەیدا کردبووەوە.