گەنجێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەست دا، دوای ئەوەی لە شەڕێکی ناوبازاڕی هەڵەبجەدا بریندار کرابوو، هاوکات تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکەش دەستگیر کرا.

 

ئەمڕۆ ڕائید ئاکام قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە کاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانی ڕێکەوتی 27ی ئەیلوولی 2026 لە ناوبازاڕی هەڵەبجەدا لە نێوان سێ کەس ڕووی داوە و دوو کەسی تێدا بریندار بووە.

 

بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، یەکێک لە بریندارەکان کە تەمەنی 19 ساڵ بوو ڕەوانەی سلێمانی کرا، بەڵام لە کاتژمێر 01:37 خولەکی بەرەبەیانی 28ی ئەیلوولی 2026 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

 

پۆلیسی هەڵەبجە ئاشکرای کرد، تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە کە گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

 

جیهاد ناجی، په‌یامنێری پایته‌خت میدیا له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواداچوونی بۆ ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌ و ڕایگه‌یاند، كوژراو ناوی ڕەهەند شاهۆ عەلییە.