ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەیسی شەهیدکردنی دوو گەنجە کوردەکەی ناحیەی پردێ دەرچوو و بەپێی بڕیاری لێژنەکە ئەفسەرێک و پێنج کارمەندی دژە تیرۆری عێراق دادگایی دەکرێن.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، لێژنەی باڵای لێکۆڵینەوە هێزەکەی دژە تیرۆری بە کەمتەرخەم داناوە و دەستبەجێ حکومەتی عێراق ڕێکارە یاسایییەکانی دەست پێکردووە.

 

بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ڕێکارە سزایییەکاندا فەرماندەی فەوجی دژە تیرۆر لە کەرکووک کە پلەکەی موقەدەمە و تەنیا 7 ڕۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکە دەستبەکار ببوو لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە، هاوکات فەرماندەی پێشوو کە پلەکەی عەقیدە گەڕێنراوەتەوە شوێنەکەی.

 

ڕووداوەکە لە 27ی ئەیلوولی 2026 لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆر دژی چەکدارانی داعش لە ناو گەڕەکێکی قەرەباڵغی پردێ ڕووی دا، کە تێیدا دوو گەنجی بێتاوان بە هەڵە شەهید کران و بە شێوازێکی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ تەرمەکانیاندا کرا.

 

شەهیدکردنی ئەو دوو گەنجە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و سیاسی لە پارێزگای کەرکووک و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان لێ کەوتەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی بەغدای ناچار کرد دەستبەجێ دان بە هەڵەکەدا بنێن و لێپرسینەوەی بەپەلە دەست پێبکەن.