11 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە دەستی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وڵاتی لیبیا ڕزگار کران و ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەیان بۆ كوردستان دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ بەرپرسانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا لە لێدوانی جیادا ڕایانگەیاند، کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان لە دۆخێکی تەندروستی باشدان و بەم زووانە دەگەڕێنرێنەوە ناو خێزانەکانیان.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆچبەرانە کە زۆربەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن، ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کرابوون و داوای پارەی زۆر لە کەسوکاریان دەکرا.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە دەنگۆی خنکانی 18 کۆچبەری کورد، کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا ڕەتی دەکاتەوە هیچ هاووڵاتییەکی کورد لەنێو خنکاوەکاندا بێت، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری 16 کۆچبەری بێسەروشوێن لە ڕاپەڕین، چەمچەماڵ و دووکان ئەنجام دراوە تاوەکوو لەگەڵ تەرمە دۆزراوەکانی کەناراوەکانی لیبیا بەراورد بکرێن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی توندکردنەوەی سنوورەکانی تورکیا و یۆنان، بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان ڕێگەی مەترسیداری لیبیا بەرەو ئیتاڵیا هەڵدەبژێرن و زۆرجار دەکەونە داوی تۆڕە چەکدارەکانەوە.