وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی 70 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ 250 هەزار دینار زیاد بکرێت و ناوی 30 هەزار کەسی دیکەش تۆمار بکرێت.

 

ئەمڕۆ کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی شایستە دارایییەکان.

 

وەزیری کار ئاشکرای کردووه‌، داواکاریی سەرەکییان بریتییە لە بەرزکردنەوەی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار هاوشێوەی عێراق.

 

هاوکات داوا کراوە بۆ 100 هەزار خێزانی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان کە لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە بەغداوە دابین بکرێت.

 

لە ماوەی ڕابردوودا جیاوازیی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی ئەو شایستانە بەردەوامن.