پاش 9 ڕۆژ لە ڕاگرتنی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەستیان پێکردەوە و یەکەم فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف نیشتەوە.

 

ئەمڕۆ بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی کاسپیان بە زیاتر لە 150 سەرنشینەوە لە تارانەوە گەیشتە فڕۆکەخانەکە و بڕیارە گەشتەکانی دیکەش دەست پێبکەنەوە.

 

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە دوای ئەوە هات کە بەغدا و تاران گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی ڕۆژانە تاوەکوو 40 گەشتی چوون و هاتن لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە، ئەمەش پاش وەرگرتنی بەخشینی فەرمی لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ئەو گەشتانەی سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن.

 

هاوکات بەپێی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە جگە لە کۆمپانیای ماهان ئێر کە بەهۆی سزاکانەوە بڕیارەکە نایگرێتەوە و گەشتەکانی بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.

 

هەفتەی ڕابردوو کەرتی فڕۆکەوانی ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی سزاکانی واشنتن بووەوە و بەهۆیەوە عێراق گەشتەکانی ڕاگرت، ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ هاتوچۆی هەزاران گەشتیار و زیارەتکار دروست کرد.