لە عێراق ڕێکارەکانی ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نوێی بڕی و لیستی مووچەی مانگێکی نوێ ڕەوانەی بەغدا کرا.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، تیمی تەکنیکی وەزارەت بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە بەغدا بۆ ئەوەی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، سبەی دووشەممە لیستەکە بە شێوەی فەرمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق دەکرێت، تاوەکو دەستبەجێ ڕێکارەکانی وردبینیکردن و بەدواداچوونی دارایی دەستپێبکات.
هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، سبەی دووشەممە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی مانگی ئابی 2026ـیش ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵ دەکرێت، ئەم بەڵگەنامانە یارمەتیدەر دەبن لە نەهێشتنی کۆسپە داراییەکان و خێراکردنی پڕۆسەی تەمویل و دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە مانگەکانی ڕابردوودا ناردنی بەردەوامی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بووەتە مەرجی سەرەکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.