هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەیان بە شێوەیەکی فەرمی لە عێراق، پێشنیاری پاکێجێکی دارایی بە بەهای زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە پەسەند کرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی و دیپلۆماتکارانی باڵا، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"ـی لە عێراق وەک سەرکەوتنێکی هاوبەش ناساند.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاوپەیمانان پیرۆزباییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا کردووە لە لاوازکردن و تێکشکاندنی تیرۆردا، هاوکات پێداگریی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی هەر هەڕەشەیەک دووپات کردووەتەوە.

 

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ڕۆما، پابەندبوونی خۆیان بە بەخشینی زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار دەربڕیوە، ئەم بڕە پارەیەش بۆ بەهێزکردنی توانای زیندانەکان، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی وڵاتی سووریا و هەروەها بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی عێراق تەرخان دەکرێت.

 

لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدڕاڵی عێراق پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان نیشان دا، هەروەها نوێنەرانی دیمەشقیش پێداگرییان لەسەر هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی تەواوەتیی مەترسییەکانی ڕێکخراوی داعش دووپات کردووەتەوە.

 

ڕێکخراوی داعش، لە ساڵی 2014 بەشێکی فراوانی خاکی عێراق و سووریای داگیرکرد، بەڵام دوای زنجیرەیەک شەڕی سەخت، دەسەڵاتی جوگرافیایی ئەم گرووپە دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ لە ساڵی 2017 و شارۆچکەی باغۆز لە ساڵی 2019 بە تەواوی کۆتایی پێهات.