بارێزگاری دهۆک دەنگۆی بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکانی لەلایەن سوپای دەوڵەتی دراوسێوە ڕەتکردەوە و جەختی لە پارێزراوی سروشتی ناوچەکە کردەوە.

ئەمڕۆ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکەوتووە هیچ دارێک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان نەبڕدراوەتەوە و تەواوی بەڵگە پێویستەکان لەو بارەیەوە بەردەستن.

 عەلی تەتەر ڕوونی کردەوە، ئەو دارانەی گرتە ڤیدیۆییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، لە قووڵایی خاکی تورکیا بڕدراونەتەوە و شوێنی کارەکەش لە هێڵی سنووری هاوبەش دوورە، هاوکات حکومەتیش بە تەواوی ئاگاداری ڕەوشەکەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک تیشکی خستە سەر جوگرافیای ناوچەکە و شێوازی شەقام و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان، ڕوونیشی کردەوە بارهەڵگرەکان تەنیا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕەوە هاتووچۆیان کردووە، نەک لەناو خاکی کوردستان داریان بڕیبێتەوە.

سەبارەت بە کارە ناوخۆییەکانیش، عەلی تەتەر باسی لەوە کرد لە کاتی کردنەوەی ڕێگاوبان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، لەوانەیە بە مەودای نزیکەی 10 بۆ 15 مەتر دەوروبەری شوێنەکان پاک کرابێتەوە، بەڵام هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستی بۆ دارستانەکانی هەرێم نەبردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگاری دهۆک هۆشداری دایە هاووڵاتییان لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و داوای کرد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەنگۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن، بەو پێیەی بەشێکی ئەو دیمەنانە لەوانەیە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دروست کرابن یان لە ڕاستییەوە دوور بن و پێویستیان بە بەدواداچوونی فەرمی بێت پێش بڕیاردان لەسەریان.

لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان، زیان بە ژینگە و دارستانی بەشێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتبوو، ئەمەش نیگەرانیی بەردەوامی لای ژینگەدۆستان دروست کردووە.