سەرۆکی میسر لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا پەردەی لەسەر جۆرێکی دەگمەنی کەلەئێسکی گەورەترین دڕندەی مێژووی زەوی لادا.

 

ئەمڕۆ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە میانی کردنەوەی کۆڕبەندی کانزاکاریدا، جۆرێکی وردی کەلەئێسکی دایناسۆڕی ناسراو بە (سپاینۆسۆری میسری) نیشان دا، دەستەی گشتیی زانیارییەکان ڕوونی کردەوە، ئەم پارچەیە کورتکراوەی مێژووی جیۆلۆجی دێرینی ناوچەکەیە، سەردەمی ژیانی ئەم دایناسۆڕەش بۆ 95 تا 100 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و قۆناغی تەباشیری دەگەڕێتەوە.

 

بەپێی زانیارییە مێژووییەکان، یەکەم پاشماوەی ئەم دایناسۆڕە لە ساڵی 1912 لەلایەن ئێرنێست شترۆمەر، زانای ئەڵمانی لە بیابانی ڕۆژاوای میسر دۆزرایەوە، ئەم دایناسۆڕە بە گەورەترین ئاژەڵی گۆشتخۆری مێژوو هەژمار دەکرێت و لە ڕووی قەبارەوە لە دایناسۆڕی بەناوبانگی (تی‌ڕێکس) گەورەتر بووە. 

 

ئەم دەیناسۆڕە، خاوەنی شەویلگەیەکی درێژی هاوشێوەی تیمساح و پەڕەیەکی ئێسکی سەر پشت بووە، هاوکات توانای ژیانکردنی لە هەردوو ژینگەی وشکانی و ئاودا هەبووە ، بۆمانەوەش بە زۆری ماسی و زیندەوەرە ئاوییە گەورەکانی ڕاو کردووە.

 

پاشماوە ئێسکییە بنەڕەتییەکانی ئەم دایناسۆڕە، لە میانی بۆردومانەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە مۆزەخانەیەکی ئەڵمانیا بە تەواوی لەناوچوون، دواتر زانایانی میسری و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی توێژینەوەی نوێ و بەردینەی هاوشێوەوە توانیان شێوەی ڕاستەقینەی ئەم کەلەئێسکە بە وردی دروست بکەنەوە.

 

تی‌ڕێکس (Tyrannosaurus rex) یەکێک بوو لە گەورەترین دایناسۆڕەکانی جیهان، کە نزیکەی 66 تا 68 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە کۆتایی سەردەمی کرەتاسی ژیاوە، ئەم دایناسۆرە لە ناوچەکانی ئێستای ئەمریکای باکوور دەژیا و بە ددانە بەهێز و قەبارەی گەورەی خۆی ناسراوە، زاناکان پێیان وایە تی‌ڕێکس لە ڕووداوی لەناوچوونی گەورەی دایناسۆرەکان، کە نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، لەناوچووە.