لە هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027 ڕاگەیەندرا و ڕێژەی وەرگیرانی پێشکەشکارانی ئەمساڵ گەیشتە 99%.
ئەمڕۆ د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەرئەنجامەکانی سیستەمی ئەلیکترۆنیی زانکۆلاین بە فەرمی بڵاوکرانەوە، لە کۆی 32 هەزار و 739 پێشکەشکاری دەرچووی ئەمساڵ، 32 هەزار و 422 خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون و تەنیا 317 داواکار ماونەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی وەزیری خوێندنی باڵا، پلانی گشتیی وەرگرتن بۆ ئەمساڵ 65 هەزار و 324 کورسی بووە، لە کاتێکدا کۆی گشتیی پێشکەشکاران لە دەرچووانی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردوو گەیشتووەتە 39 هەزار و 950 کەس، لەو ژمارەیەش 39 هەزار و 52 خوێندکار بە سەرکەوتوویی جێگەیان کراوەتەوە.
لە ڕووی دابەشبوونی بەشەکانەوە، 37 هەزار و 966 وەرگیراو لە لقی زانستی و وێژەیی بوون، هاوکات 370 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان لە سیستەمەکانی ئەمریکی، بەریتانی، فەڕەنسی، ئەڵمانی و بەکالۆریای نێودەوڵەتی (IB) وەرگیراون، لە پاڵ وەرگیرانی 716 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان.
سەبارەت بە کورسییە بێبەشەکان، ئەمساڵ 27 هەزار و 391 کورسی لە بەشە جیاوازەکاندا بە بەتاڵی ماونەتەوە، قوتابییان لە ئێستا دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی (regayzanko.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە و بزانن لە چ زانکۆ یان پەیمانگا وەرگیراون.
د. ئارم مەحەممەد ڕوونیشی کردەوە، قوتابییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، 2 هەزار و 700 دەرچووی ئەو سنوورانە دەرفەتی خوێندنیان لە زانکۆکانی هەرێم بۆ دابین دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردنی فۆڕم بە ڕوویاندا دەکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە پلانی وەرگرتن لە ناوەندە بێبەرامبەرەکانی خوێندن فراوانتر دەکات، ئامانج لەو هەنگاوە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری فێربوونە، بەم ڕێکارەش هەوڵ دەدات بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانەکان کەم بکاتەوە.