ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی لە فەرەنسا، گرژی و پێکدادانی توندی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لێ کەوتەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی حکومەت ئاشکرایان کردووە کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرگای زیاتر لە 730 قوتابخانە داخراوە و مێرمنداڵان لە چەندین ناوچە ڕووبەڕووی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی لاستیکیی پۆلیس بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، خۆپیشاندەران ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی مامۆستای پێویست، ژینگەی نالەباری پۆلەکان و درێژیی کاتی دەوامی ڕۆژانە دەردەبڕن، هاوکات بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی پێکدادانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت تیک تۆک، هۆکار بووە بۆ تەشەنەسەندنی خێرای ئەم خۆپیشاندانانە بە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.
لە گۆڕەپانی سیاسیشدا، ناکۆکییەکان توندتر بوونەتەوە و کاربەدەستانی حکومەت لایەنە چەپڕەوەکان بە قۆستنەوەی تووڕەیی خوێندکاران بۆ مەرامی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی وڵاتەکە ئەم قسانە ڕەت دەکاتەوە و داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانی قوتابییەکان دەکات.
بەهۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە، لە چەندین شار پێکدادانی توند تۆمار کراوە، تەنانەت لە شاری تورس مێرمنداڵێک توانای بینینی چاوێکی لە دەست داوە، لە هەمان کاتدا چەندین ئەفسەری پۆلیسیش لەلایەن خۆپشاندەرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بریندار کراون.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە لە قوتابخانەیەکی دەوروبەری پاریس لە پاڵپشتیی مانگرتنی مامۆستایاندا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان سەری هەڵدا و پاشان بووە گەورەترین کێشەی نێو ناوەندەکانی خوێندن لە وڵاتەکەدا.