هێزە ئەمنییەکان لە عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراواندا زیاتر لە 300 تۆمەتباریان بە ماددە یاسایییە جیاوازەکان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی چالاکییە ئەمنییەکانی هێزەکانی فەوجی وەڵامدانەوەی خێرا، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا 308 تۆمەتبار دەستگیر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، 31 تۆمەتبار لەسەر دۆسیەکانی دەستپاکی، 55 تۆمەتبار بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر، 16 تۆمەتبار بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر و 206 کەسی دیکەش بەپێی فەرمانی دادگا بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون.
لیوا میقداد میری ڕوونی کردەوە، ئەم دەستگیرکردنانە لە ڕێگەی 124 ئەرکی ئەمنیی تایبەتمەندەوە بەڕێوە چوون، ڕێکارە مەیدانییەکان بریتی بوون لە ئەنجامدانی 196 گەڕانی ئەمنی، دانانی 78 بۆسە و خاڵی چاودێری، لەگەڵ جێگیرکردنی 101 بازگەی کاتی، هاوکات هێزەکان توانیویانە دوو ئۆپەراسیۆنی پشکنین، سێ هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی و کۆتاییهێنان بە سێ شەڕی عەشایەری بە ئەنجام بگەیەنن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بەسەر 21 پارچە چەکی جۆراوجۆر، 356 فیشەک و پارچە تەقەمەنی، 32 مەخزەن و 131 گولەی جیاوازدا گیراوە، لە ڕووی دارایییەوە بڕی 1 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 6 ملیۆن و 47 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ 18 مۆبایل دەستیان بەسەردا گیراوە، جیا لە دەستبەسەرکردنی 1425 گرام کریستاڵ، 305 گرام حەشیش، 92 دەنکە حەبی هۆشبەر و کەرەستەی بەکارهێنان.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی دواییدا زنجیرەیەک هەڵمەتی هاوبەشی لە شارەکان چڕ کردووەتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دیاردەی چەکی بێمۆڵەت و بنبڕکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر.