نوێنه‌ری كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا لەسەر سوکایەتیکردن بە ئاڵای وڵاتەکەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هاتە دەنگ و داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

ئەمڕۆ جۆ ویلسن، نوێنه‌ری كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس چەند وێنەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەکاتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای عێراق بڵاوکردەوە و نووسی: "حەشدی شەعبی، کە بەشێکی فەرمییە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، سووکایەتی بە ئاڵای ئەمریکا دەکەن و ستایشی ڕژێمە بکوژەکەی ئێران دەکەن."

ئەم نوێنه‌رەی كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا ڕووی دەمی کرد عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێی گوت: "پێویستت بە هیچ بەڵگەیەکی دیکە هەیە کە عێراق پارێزگایەکە لە ئێران؟ تۆ ئاوا لە ئەمریکا دەڕوانی؟ عێراق لە ژێر دەستی ئێران ڕزگار بکە."

ئەو وێنانەی جۆ ویلسن پۆستی کردبوون
ئەو وێنانەی جۆ ویلسن پۆستی کردبوون






 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای 12 ساڵ هێزە هاوپەیمانەکان لە 30-9-2026 لە عێراق و هەرێمی و کوردستان کشانەوە. پێشووتر عەلی زەیدی لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەبارەی وادەی چەکداماڵینی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، کە 30-6-2027 دوا وادە دەبێت بۆیان.

هەفتەی ڕابردووش فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشكرای کرد، 3 لە گرووپەکان بە فەرمی چەکەکانی خۆیان لە درۆن و مووشەک ڕادەستی حکومەت کردووە، لە کۆتایی ئەم مانگەشدا بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی فەرمی دادەخرێت و لە دوای ئەو وادەیەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی و هێزێکی شەڕکەری بیانی لە خاکی عێراقدا بوونی نامێنێت.