دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکانی زیاتر لە 3 ملیۆن کارمەند و سەربازی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مەترسییەکی ئەمنی گەورەی دروست کردووە.
ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی نیوز بڵاوی کردەوە، لە ڕێگەی هاککردنی سیستەمی داتای هێزی مرۆییی بەرگریی ئەمریکاوە، زانیاریی 2.76 ملیۆن کەسی زیندوو و 294 هەزار کەسی کۆچکردوو دزەی پێ کراوە؛ ئەم دزەکردنە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێ کردووە و تا تەمووزی 2026 بەردەوام بووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، بەرپرسانی بەرگری جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تا ئێستا بەڵگەیەک بۆ بەکارهێنانی خراپی ئەم داتایانە لەدەستدا نییە و خزمەتگوزاریی تایبەت بۆ پاراستنی ناسنامەی زیانلێکەوتووان دابین کراوە.
هاوکات دەروازەی دامەزراندنی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکی (FBI) ڕووبەڕووی پەلامارێکی تری ئەلیکترۆنی بووەتەوە. گرووپێکی هاککەران بە ناوی 'شاینی هەنتەرز' هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ناوی کارمەندان، ژمارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ڕێکەوتی لەدایکبوون و ناونیشانی پێوەندییەکانیانی کردبوو، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەیان پاشگەز بوونەوە و داوای باجیشیان نەکرد.
لە دوای ئەم هەڕەشانەی گرووپی هاککەرانی شاینی هەنتەرز، بەرپرسانی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکی هۆشدارییان بە کارمەندەکانیان داوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە سیستەمە زیانلێکەوتووەکە زانیاریی نهێنیی تێدا نەبووە و هیچ پێوەندییەک لە نێوان ئەم ڕووداوە و دزەپێکردنی داتاکانی هێزی مرۆییی بەرگریدا نییە کە پێشتر هاک کرابوو.
ناوەندی داتای هێزی مرۆییی بەرگری، یەکێکە لە گەورەترین کۆگاکانی زانیاری لە پنتاگۆن و زیاتر لە 60 ملیۆن تۆماری سەربازان، خانەنشینان و کەسوکاریانی تێدایە؛ هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیش لەم دواییانەدا بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکانی حکومەت لە ئەمریکا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە.