دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی باڵاپۆشی، بەگوتەی پارێزەرانی تاوانبار، دادگای ئێران "قورسترین سزای بەسەردا سەپاندووە."

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران داوای پەرەستوو ئەحمەدی گۆرانیبێژئی تەمەن 29 ساڵانی بۆ پێداچوونەوەی بە سزایەکەی ڕەتکردەوە، بەمەش ناوبراو بە لێدانی 74 قامچی سزا دەدرێت.

پەرەستوو ئەحمەدی لە ساڵی 2024 ڤیدیۆیەکی لە کەناڵی یوتوبی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوت بەبێ پۆشینی سەرپۆش (حیجاب) گۆرانی دەگوت، ڤیدیۆیەکە 3 ملیۆن بینەری تێپەڕاند. دواتر دادگای ئێران بە تۆمەتی "پێشێلکردنی ڕێسا کولتوورییەکانی وڵاتەکە" دەستی بە پڕۆسەی دادگاییکردن لە دژی ناوبراو کرد.

لە مانگی شەشی ڕابردوو دادگایەک لە شاری قوم پەرەستوو ئەحمەدی و 8 ئەندامی دیکەی باندە میوزییەکەی بە تۆمەتی "ئابڕووبردنی ڕەوشتی گشتی" لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەتی "ناپەسەند و خراپ" تاوانبار کرد، جگە لە سەپاندنی سزای 74 قامچی بەسەر گۆرانیبێژەکە، باندەکە لە ئەنجامدانی چالاکی (دەنگ و ڕەنگ) و جێهێشتنی وڵاتەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ قەدەغە کرا.

پارێزەرانی پەرەستوو ئەحمەدی لەبارەی سزای دادگا بە کەناڵی 'بی بی سی'ـیان ڕاگەیاند: "ئێمە پێمان وایە کۆنسێرتەکە تاوان نەبوو، دادگا یەکێک لە قورسترین سزای بۆ ئەم تۆمەتانە سەپاندووە، کە لە کاتێکدا سزای سووکتر و پێبژاردن بەردەست بوون."


دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکەی پەرەستوو ئەحمەدی لە کەناڵی یوتیوبی خۆی، ناوبراو روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گووتی: "من، پەرەستوو، کچێک کە دەمەوێت گۆرانی بۆ ئەو کەسانە بڵێم کە خۆشم دەوێن. ئەمە مافێکە کە نەمدەتوانی چاوپۆشی لێبکەم، گۆرانی گوتن بۆ ئەو خاکەی کە زۆرم خۆشدەوێت."

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەمە بۆیەکەمجارە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 1979، ئافرەتێک بەبێ ڕەچاوکردنی باڵاپۆشی، کۆنسێرتێکی میوزیکی ساز بکات و لە کەناڵی یوتوب بڵاوی بکاتەوە.