کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە قەیرانی کەمبوونەوەی بودجە مەترسیی بێبەشکردنی 8.3 ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی لە هاوکارییە مرۆیییەکان لەمساڵدا دروست کردووە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی فەرمی کۆمیسیۆنەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووه، كه کەمکردنەوەی هاوکارییە دارایییەکان لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ترەوە سیستەمی پاراستنی مرۆییی لە هەندێک وڵاتدا بەرەو داڕمان بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمیسیۆن لە بەردەم کورتهێنانی دارایی بە بڕی 5.789 ملیار دۆلاردایە، لە کاتێکدا تا مانگی تەممووز تەنیا لەسەدا 32ـی ئەو بودجەیەی دەست کەوتووە کە بۆ ساڵی 2026 بە بڕی 8.505 ملیار دۆلار داوای کردبوو.
ئەم قەیرانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چەندین وڵات دروست کردووە؛ لە چاد 319 هەزار پەنابەر رووبەڕووی دواکەوتنی تۆمارکردن بوونەتەوە، لە سوودان 140 هەزار ئاوارە بەبێ تۆمارکردن ماونەتەوە، لە ئەفغانستانیش هاوکاریی دارایی بۆ هەر کەسێکی گەڕاوە لە 375 دۆلارەوە بۆ 170 دۆلار کەم کراوەتەوە.
کۆمیسیۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کورتهێنانە، لەسەدا 33ـی کارمەندەکانی لە ساڵی 2025 کەم کردووەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی لە 15 وڵات و 140 بنکەدا بە تەواوی ڕاگرتووە.
ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر چاودێریی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەدان تا کۆتاییی ئەمساڵ دەگاتە 131.2 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا بەستنەوەی هاوکارییەکان بە مەرجی توند لەلایەن وڵاتانی بەخشەرەوە گەیشتووەتە لەسەدا 51 و توانای گەیاندنی فریاگوزاریی خێرای کەم کردووەتەوە.