ماوەی دوو ساڵە پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتی ماڵان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان بەردەوامی هەیە.
ئەمڕۆ عەقید عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، قۆناغی دووەمی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتیان دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار چەکی بێ مۆڵەت لە ناو شاری کەرکووک و دەوروبەری تۆمار کراون.
پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتی ماڵان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 51ـی ساڵی 2017 جێبەجێ دەکرێت.
عەقید عامر نووری شوانی ئاماژەی بەوە دا، بەپێی ئەم یاساکە هەر هاووڵاتییەک تەمەنی لەسەرووی 25 ساڵ بێت دەتوانێت چەکێکی سووکی وەک (دەمانچە، کڵاشینکۆف یان ئێم فۆڕ) لە ماڵەکەی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و سامانەکەی دابنێت.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ڕوونی کردەوە، تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت تاوەکو سەری ساڵ بێ بەرامبەر بەردەوام دەبێت، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە لە ماڵەکانی خۆیانەوە پرۆسەی تۆمارکردنەکە ئەنجام بدەن.
عەقید عامر نووری شوانی دووپاتی کردەوە، چەکی مۆڵەتدار هاوشێوەی خانوو و ئۆتۆمبێل دەبێتە موڵکی کەسەکە و مافی وەرەسەی بۆ کەسە نزیکەکانی دەمێنێتەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک هۆشداری دەدات، کە دوای سەری ساڵ پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ سەرجەم ماڵ و گەڕەکەکان دەست پێدەکات و تۆمارکردن بە بێ بەرامبەر نامێنێتەوە.
بەپێی یاسا، تۆمارنەکردنی چەکی بێ مۆڵەت سزای 3 بۆ 6 مانگ زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی چەکەکەی لێ دەکەوێتەوە.
عەقید عامر نووری شوانی جەختی لەوە کردەوە، چەکی قورسی وەک (بیکەیسی یان ئاڕپیچی) ڕێگەپێدراو نییە و حکومەت خۆی لە هاووڵاتییانی دەکڕێتەوە، تەنها چەکی سووک تۆمار دەکرێت.