پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی وەکو حاجیی جێگرەوە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، بۆ ئەوەی بەبێ ئەنجامدانی تیروپشک بەشداری لە وەرزی حەجی ساڵی 2027دا بکەن.
ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانە دەستی پێ کردووە، کە ساڵی ڕابردوو ناویان وەک حاجیی جێگرەوە بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، ناوبراو ئاشکرای کرد ٢٤٠٠ کەس ساڵی ڕابردوو بە تیروپشک ناویان تۆمار کرابوو، ئەمساڵ بەبێ تیروپشک مافی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی حەجی 2027 پێ دەدرێت.
کاروان ستوونی ڕوونی کردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئامادەکارییەکان، بڕی 6 ملیۆن دینار وەکو گوژمەی یەکەم لە حاجیانی جێگرەوە وەردەگیرێت، پێویستە تا ڕۆژی پێنجشەممە، 1ـی مانگی تشرینی یەکەم، بەڵگەنامەکانی وەک کۆپیی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەگەڵ زانیارییە کەسییەکان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەج و عومرە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن.
گوتەبێژ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا مامەڵەکان تەواو نەکرێن، ئەگەری درێژکردنەوەی وادەکە لە ئارادایە، سەبارەت بە گوژمەی دووەم، تا ئێستا بڕەکەی یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە تێچووی کۆتایی حەجی ساڵی 2027 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە ئەگەری بەرزبوونەوەی تێچووەکەش، بڕی گوژمەی دووەم بەپێی ئەو گۆڕانکارییە دیاری دەکرێت، کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ساڵی 2027 بریتییە لە 5 هەزار و 120 کەس، لەو ڕێژەیەش 2 هەزار و 400 کەسیان بەر حاجیانی جێگرەوە دەکەوێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە ئامادەکاری بۆ وەرزەکانی حەج دەکات، هەروەها پشکی هەرێم بەپێی ڕێژەی دانیشتووان لە چوارچێوەی بەشەبودجە و پشکی گشتیی عێراق دیاری دەکرێت.