وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا، هەر قوتابییەکی پەیمانگە ناحکومییەکان لە ساڵێکدا زیاتر لە 25 ڕۆژ ئامادەبوونی نەبێت، بە دابڕاو لە خوێندن هەژمار بکرێت.
بەپێی فەرمانێک کە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە دەرچووە، گشت پەیمانگە ناحکومییەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی قوتابییان لە ڕۆژانی دەوامدا.
لە بڕگەیەکی فەرمانەکەدا هاتوو، هەر قوتابییەک لە ساڵی خوێندندا زیاتر لە 25 ڕۆژ ئامادەبوونی تەواوی نەبێت، بە "دابڕاو لە خوێندن" هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەی خوێندن نامێنێت، هەروەها پەیمانگەکانیش بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە، هەر پەیمانگەیەکی ناحکومی سەرپێچی بڕیارەکان بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و پرۆسەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردنی لەسەر دەستپێدەکات، سەرەڕای سەپاندنی سزای دارایی بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2012ی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان.
لەلایەکی ترەوە، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوونی مەیدانیی جێبەجێکردنی فەرمانەکە، بە شێوەیەک لە هەر ئەگەرێکی کەمتەرخەمییاندا، پرۆسەی پلە وەرگرتنەوە لە سەرپەرشتیارەکەش وەردەگیرێت.