قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە هاووڵاتییانی قەزاکە و دەوروبەری ئاگادار دەکاتەوە کە بەیانی ڕۆژی هەینی، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی دەروازەی قوشتەپە و گواستنەوەی تاوەرەکانی کارەبا، بۆ ماوەی 8 کاتژمێر کارەبای گشتی بەتەواوی دەکوژێتەوە.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، بەیانیی ڕۆژی هەینی لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ کارەبای نیشتمانی لە تەواوی سنووری قەزاکەدا دەبڕدرێت، ئەمەش بەهۆی کارەکانی گواستنەوەی تاوەری کارەبای گردمەلای سەر جووتسایدی کەرکووک - هەولێر و بەردەوامیی کارەکان لە دەروازەی قوشتەپەدا.
قایمقامیەت هۆشداری دەدات کە ئەم پچڕانە گشتییە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی کارەکان لە سەرجەم کەرتەکاندا، بەتایبەتی لە پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوی قوشتەپە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات پێشوەختە پاشەکەوتی پێویستی ئاو بکەن.
قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە تکا لە هاووڵاتییان دەکات هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی دووچاری بێئاوی و ئاستەنگی ڕۆژانە نەبنەوە تاوەکو تەواوبوونی کارەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی کارەبا و ئاو.
قەزای قوشتەپە دەکەوێتە باشووری شاری هەولێر لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکووک، و لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری لە دەروازە و شەقامە سەرەکییەکانیدا جێبەجێ دەکرێن.