ئێران چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی واشنتن دەکات سەبارەت بە پێشنیاری نوێی کردنەوەی گەرووی هورمز تا ڕۆژی سێشەممە و به گوتهی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش بێت، دانوستانەکان ئەرێنین بەڵام بەبێ پرسی ئەتۆمی هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا له زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانهوه بڵاوی كردهوه، کە نێوەندگیرانی قەتەر کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی تاران بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز دەگەیەننە دەستی ئەمەریکا، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت وەڵامی کۆتاییی واشنتن تا ڕۆژی سێشەممە بگات.
بهپێی ئاژانسی ههواڵی فهرمی ئێران، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە ڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە دوای پێشنیارە نوێیەکەی تاران شێوازێکی زۆر جددییان بەخۆوە بینیوە.
پێشنیارەکەی تاران داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و لادانی سزاکانی نەوت لە ماوەی چوار بۆ پێنج ڕۆژدا دەکات، تا لە ڕۆژی حەوتەمدا گەرووی هورمز بکرێتەوە و دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی کۆتایی دەست پێبکات.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، دانوستانەکان ئەرێنین بەڵام واشنتن بەبێ چارەسەرکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گەڕانەوەی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان ناچێتە ناو هیچ ڕێککەوتنێکەوە.
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر پێشنیارە حەوت ڕۆژەیەکەی ئێرانی بە قبووڵنەکراو ناو بردووە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ پێدانی ئاسانکاریی ئابووری لە بەرامبەر هەنگاوی كرداری لە دۆسیەی ئەتۆمیدا دەربڕیوە.
گەرووی هورمز کە پێش شەڕ لەسەدا 20ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 داخراوە و بەو هۆیەوە نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر بووە.