ئێران هەڕەشەی پەکخستنی گەشتی ئاسمانی ئەو وڵاتانە دەکات، کە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەن و گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران ڕادەگرن.
ئەمڕۆ محەممەد موخبەر، ڕاوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "یەکگرتن لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێکارە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران لە بیری خەڵکی وڵاتەکە دەمێنێت، هاتووچۆی ئاسمانی لە ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) یان بۆ هەمووان بێ بەرامبەرە یان بۆ کەس بێ بەرامبەر نابێت."
ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەی هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئێران لە گەشتی ئاسمانی و خزمەتگوزاری فرۆکەخانە بێبەش بکرێت، ئەوا نابێت هیچ وڵاتی دیکەی ناوچەکە خاوەنی بن.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە لە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و گووتی: "گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان لە فرۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانەشدا، ئەگەر رێگری لە گەشتی فرۆکە ئێرانییەکان بکەن، فرۆکەخانەکانی ئەوانیش ناتوانن گەشتە ئاسمانییەکانیان بەڕێوەببەن."
ئەم هۆشدارییەی ڕاوێژکاری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر فرۆکەخانە و ئەو کۆمپانیایانە سەپاندووە، کە خزمەتگوزاری وەک نیشتنەوە، سووتەمەنی، تیکتی فرۆکە پێشکەش بە فرۆکە ئێرانییەکان دەکەن، بەهۆیەوە تا ئێستا هەر یەک لە وڵاتانی ئیماڕات، ئازەربایجان، تورکیا و بەغدا، تەنانەت ئەمڕۆ فرکەخانەکانی نەجەف، هەولێر و سلێمانیش وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانیان (چوون و هاتن) بۆ ئێران وەستاند.