دوای بەدواداچوونی وردی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکەوتووە هیچ بەڵگەیەک لەسەر خنکانی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاستدا نییە.
بەپێی گوتەی چالاکوانێکی بواری کۆچبەران، لە 5ـی 8ـی 2026 نزیکەی 18 گەنج کە 10یان کوردن لە لیبیاوە بەرە و ئیتاڵیا بەڕێ کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە دەنگۆی خنکانی ژمارەیەک کۆچبەری کوردی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست بڵاو بووەوە کە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێ کەوتبوون.
عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و قەیرانەکان لە ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی هەواڵی خنکانی ئەو گەنجانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران جەخت دەکاتەوە، تەواوی وردەکارییە بڵاوکراوەکان بێ بنەمان، هاوکات ڤیدیۆیەکی ژمارەیەک گەنجی کوردیان لە نێو زیندانەکانی لیبیاوە پێ گەیشتووە کە بارودۆخیان نالەبارە، بەڵام دەربارەی چوونیان بۆ ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانن ڕاستەوخۆ بە یەخت بڕۆن، چونکە بەرپرسیارییەتییەکە لە ئەستۆی حکومەتی لیبیادایە.
ڕەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، 10 گەنجی دەڤەری ڕاپەڕین دوای مانگێک لە دیارنەمانیان لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.
بەپێی وتەی ئەو چالاکوانە، ڕێکخراوی سەرەکیی سۆس بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران لە ڕێگەی کۆپتەری چاودێرییەوە وێنەی 11 کەسی گرتووە کە یەکێکیان لەسەر سنگی نووسراوە "دایە گیان".
لای خۆیەوە، ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای بەدواداچوونی ورد بۆیان دەرکەوتووە هیچ بنەمایەک بۆ خنکانی کۆچبەران نییە و ئەم هەواڵە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.
ئەبوبەکر عەلی ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە 40 ڕۆژە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ژمارەیەک گەنجی بێسەرشوێن لە لیبیا دەکەن بەڵام باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا کەمتەرخەمن.
ئەمە لەکاتێکدایە، کەسوکاری ئەو گەنجانەی دەڤەری ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیایان ڕاگەیاند، هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە و کوڕەکانیان نەخنکاون.