گوژمەی یەکەمی پارەی حەج لەو کەسانە وەردەگیرێت کە لە یەدەگەوە بوونەتە دەرچوو، بڕەکەی شەش ملیۆن دینارە و لە سبەی یەکشەممەوە پڕۆسەکە دەست پێدەکات. ئەم ڕێکارە نزیکەی دوو هەزار و 400 هاووڵاتی دەگرێتەوە کە ناویان لە تیروپشکی پێشوودا هەبووە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرجەم ئەو حەجخوازانەی بە فەرمانی وەزاری ناویان لە یەدەگەوە کراوە بە دەرچوو، دەبێت لە 27ـی ئەیلوولی 2026 بەدواوە، لە ماوەی یەک هەفتەدا سەردانی نووسینگەکان بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان.
بەپێی ڕێنمایییەکان، پرۆسەی دانانی پارەکە لە ڕێگەی لقی بانکەکانی ئیسلامی عێراقی دەبێت لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان و حەجخوازان دوای وەرگرتنی پسوولەی بانکی، دەبێت بەڵگەنامەکە بۆ نووسینگەکانی حەج و عومرە بگێڕنەوە تاوەکو ناویان بە تەواوی تۆمار بکرێت.
لەبارەی بڕی تێچووی تەواوی حەجی ئەمساڵ، سەرچاوەیەک لە بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕی تەواوکاری و گوژمەی دووەم، واتا تێچووی تەواوی حەجی ئەمساڵ لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دیاریی دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەیەکی نزیکدا بڕەکە دیاریی بکات.
بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە ڕێگەی تیروپشکەوە ناوی هاووڵاتییان بۆ فەریزەی حەج دیاری دەکات و لەگەڵ ناوی دەرچووان، ژمارەیەک ناو وەکو یەدەگ دیاریی دەکات، تاوەکو بەپێی بۆشایی و رێژەی دیاریکراو، دەرفەتی حەج بۆ هاووڵاتییانی دیکە برەخسێنێت.