دوای بڕیاری کۆتایی دادگا بۆ وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو، کۆڕەک تیلیکۆم جەخت دەکاتەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دواخستووە و سیمکارتەکە ڕاناگیرێت.

 

کەمێک لەمەوبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای پێکهێنانی لێژنەیەکی دیوانی بەپێی مەرسوومی ژمارە 251244 لە 27ـی 5ـی 2025، ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە 22ـی 9ـی 2026 بڕیاری جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی داوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستی سازان و پێدانی مۆڵەتی خزمەتگوزاریی نەوەی چوارەم (4G) هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تر.

 

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای واژۆکردنی گرێبەستی چارەسەرکردن لە 23-9-2025، بەڵام بەهۆی ئاستەنگی کارگێڕییەوە ڕێکاری واژۆکردنی گرێبەستی مۆڵەتەکە تەواو نەکرا و دواتر لە 2-6-2026 دەستەی ڕاگەیاندن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دا.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم هاتووە، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سازانەی نییە، چونکە بڕیارەکە لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانی عێراقەوە پەسەند کراوە. هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە سەرڕای هەبوونی بڕیاری کۆتایی دادگا بۆ وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لە دەستەی ڕاگەیاندن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی جێبەجێکردنی دواخستووە.

 

لە کۆتاییدا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم داوای دەستوەردانی بەپەلە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێکارانە و دڵنیایی دەداتە بەشداربووانی کە لە بەرگریکردن لە مافەکانیان بەردەوام دەبێت.