پاپا لیۆی چواردەهەم بە پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ نیگەرانی قوولی خۆی لەسەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد نیشاندا و داوای كرد جیهان چاو لە ئاست مەترسییە گەورەکانی تەکنەلۆجیا دانه‌خات.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری پاپ لیۆی چواردەهەم لە کاتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە لە فەڕەنساوە بۆ ڕۆما بڵاوی کردەوە، نیگەرانییەکان لەسەر دەرچوونی ژیریی دەستکرد لە کۆنترۆڵ هەواڵی ساختە نین و پێویستە جیهان بە تەواوی بە هەندیان وەربگرێت، هه‌روه‌ها مرۆڤایەتی ناتوانێت بێدەنگ دابنیشێت و وا نیشان بدات هیچ شتێک ڕوو نادات.

 

پاپ کە یەکەمین پەیامی فەرمی پاپایەتی خۆی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە، داوای لە سەرکردە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان کرد پێکەوە کۆ ببنەوە بۆ دانانی ڕێسای پێویست.

 

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە ترەمپ هۆشدارییەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵنەکردنی ژیریی دەستکردی بە پیلان و ساختە ناو بردووە، هاوکات ترسی هەیە بەهۆی دانانی یاسای سنووردارکردنەوە لە پێشبڕکێکەدا لە بەرامبەر چین پاشەکشە بکات.

 

هاوکات گەورە کۆمپانیاکانی ئەم بوارە لەوانە ئانسرۆپیک و ئۆپن ئەی ئای داوای هێواشکردنەوەی پەرەپێدان دەکەن، بە جۆرێک بەڕێوەبەری ئانسرۆپیک هۆشداری داوە کە ژیریی دەستکرد لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگی داهاتوودا دەتوانێت تەواوی ئینتەرنێت کۆنترۆڵ بکات.

 

ئەم ناکۆکییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش پاپا و ترەمپ لەسەر پرسی جەنگی ئێران و سیاسەتی کۆچبەران لەگەڵ یەکتردا ناکۆکی قووڵیان هەبووە.