شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییی عێراق لە بەغدا، دوای پێنج کاتژمێر لە کۆبوونەوەی چڕ، گەیشتنە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەسەر جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراقدا.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی داراییی فیدراڵ زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بوون، هەردوولا لێکتێگەیشتنی باشیان لەسەر خاڵە جێناکۆکەکان دەربڕیوە، بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، شاندەکە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە هەولێر و هەفتەی داهاتوو بۆ تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکی و یاساییەکان، گەڕێکی دیکەی دانوستان لە بەغدا دەست پێ دەکەنەوە.
وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی داتاکراودا، کۆمەڵێک داواکاریی بنەڕەتیی خستووەتە بەردەم بەغدا، لەوانە:
• تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست.
• دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
• دەستپێکردنەوەی دامەزراندن بۆ یەکەمەکانی زانکۆ و دەرچووانی پزیشکی دوای ساڵانێک لە ڕاگرتنیان.
بەشێک لە داواکارییەکانی دیکەی شاندەکە، هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە، دەرماڵەی زیندانییانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەگەڵ خەرجکردنی ئیکرامیەی 12 مووچە و شایستە کەڵەکەبووەکانی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی دەگرێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێنەکردنی یاساکانی بودجە و شێوازی خەرجکردنی ڕاستەقینە، کێشەی گەورەی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو، بەڵام ئەم دانوستانە پێشوەختانە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.