کەناڵی زووم وردەکاریی چوارەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و دەستگیرکراوانی لالەزاری ئاشکرا کرد، کە تێیدا ناوبراو لەبەردەم دادوەردا تەواوی دۆسیەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بە کۆی ڕووداوەکانی شەوە خوێناوییەکەی لالەزار کردووە.
ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی 2ی سلێمانی، چوارەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و ڕێبوار حامی حاجی غالی، بەپێی ماددەی 56ی یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی ڕێکخراو بەڕێوە چوو.
بەپێی بڵاوکراوەکانی کەناڵی زووم، کە زمانحاڵی بەرەی گەل و نزیک لە لاهور تاڵەبانییە، لە دانیشتنەکەدا گوتەی سێ لە دەستگیرکراوەکان وەرگیراوە و لاهور تاڵەبانی سەرجەم گوتە و دانپێدانانەکانی پێشووی خۆی ڕەت کردووەتەوە و بە دادوەرەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەوەی دەخرێتە ڕوو، ئیفادەی فەرمیی ئەو نییە.
کەناڵی زووم لە زاری لاهور تاڵەبانییەوە بڵاوی کردەوە، جووڵاندنی هێز لە ڕووداوەکاندا تەنیا لەبەر خاتری هێرۆ خان بووە تا دەباشان بپارێزن، چونکە وەک دایکی خۆیان سەیری دەکەن. ناوبراو لەبەردەم دادگادا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پۆڵاد تاڵەبانیی برایدا بڕیاریان دابوو ئەگەر بەرپرسانی یەکێتی کودەتا بکەن، ئەوان دەباشان بپارێزن، چونکە هەندێک سەرکردە و کەسی ئەمنیی نێو یەکێتی ویستوویانە کودەتا بکەن و بافڵ تاڵەبانی خۆیشی دەزانێت ئەوانە کێن.
سەبارەت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، لاهور تاڵەبانی لە دادگادا ڕایگەیاندووە کە هەرگیز نیەتی لەو شێوەیەی نەبووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی هەواڵەکەی بیستووە، چەندین جار بە ئۆتۆمبێلەکەی لە پێش ئەو باڵەخانەیەی ئەمی تێدا بووە دریفتی کردووە؛ ئەگەر نیەتی کوشتنی هەبووایە زۆر بەئاسانی دەیتوانی بیکوژێت، بەڵام هیچ کاتێک بیرۆکەی لەو شێوەیەی نەبووە.
کەناڵی زووم لە درێژەی گێڕانەوەی گوتەکانی لاهور تاڵەبانیدا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی سەر لالەزار، ناوبراویان بە دەستبەستراوی بردووەتە ماڵێک لەبەرامبەر لالەزار کە بافڵ تاڵەبانی و دوو کەسی ئەمنیی لێ بووە. لاهور تاڵەبانی باسی لەوە کردووە کە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەوێ ماوەتەوە و لەو کاتەدا بافڵ تاڵەبانی دەمانچەکەی دەرهێناوە و گوتوویەتی: نەمگوت تەختی دەکەم؟ ئەوە کردم.
بەگوێرەی بڵاو كراوهكانی زووم، لەو ساتەدا لە دەرەوە پێوەندی کراوە بەوەی کە نابێت لاهور تاڵەبانی بکوژرێت، چونکە کونسوڵخانەکان لەڕێگەی تەلەڤزیۆن و پەخشی ڕاستەوخۆوە ڤیدیۆی ناوبراویان بەزیندوویی بینیوە. دواتر یەکێک لە کارمەندە ئەمنییەکان دەمانچەکەی لە بافڵ تاڵەبانی وەرگرتووە و لاهور تاڵەبانییان ڕەوانەی ئاسایش کردووە.
لاهور تاڵەبانی ڕووی لە دادوەرانی دادگای تاوانەکانی سلێمانی کردووە و گوتوویەتی، گومانی لە دڵسۆزیی دادوەرەکان نییە، بەڵام ئەوان ناتوانن دادپەروەر بن، چونکە بڕیار لەسەر ئەم دۆسیەیە پێشتر و لە دەرەوەی هۆڵی دادگا دراوە. ناوبراو باسی لەوەش کردووە، دادگا پشت بە بەڵگەی دەزگا ئەمنییەکان دەبەستێت، لە کاتێکدا ئەو دەزگایانە خۆیان لایەنگیرن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدان.
جەختی لەوەش کردەوە کە دەیتوانی لە دەرەوەی دادگا ڕێککەوتن و ئاشتی بکات و ئامادەی دادگایی نەبێت، بەڵام بۆ پاراستنی شکۆ و سەروەریی دادگا هاتووەتە بەردەم دادوەر، هەرچەندە دەزانێت بڕیاری دادپەروەرانە نادرێت. ناوبراو ئاماژەی بە ڕووداوەکانی 8ی تەممووز کردووە و گوتوویەتی، لەو کاتەدا تەقە لە ماڵەکەی کرا و خەڵک کوژران، کەچی دادگا نەیتوانی دادپەروەر بێت، بۆیە لەم دۆسیەیەشدا ناتوانێت بڕیارێکی بێلایەنانە بدات.
هاوکات لە دانیشتنەکەدا پۆڵاد تاڵەبانی گوتەی خۆی پێشکەش کردووە و ڕایگەیاندووە، بافڵ تاڵەبانی لە زینداندا سەردانی کردووە و پێی گوتووە، دەزانێت هەوڵی کودەتا هەبووە و پۆڵاد ئامادە بووە هێرۆ خان و دەباشان بپارێزێت، هەروەها چاوەڕوانیی هەڵوێستی لەو جۆرەشی لێ کردووە.
دەستەی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالهزار ڕایانگهیاندووه، کە دۆسیەکە لە دانیشتنی چوارەمدا یەکلایی نەکراوەتەوە و لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوودا بڕیار لەسەر کاتی دانیشتنی پێنجەم دەدرێت. پارێزەران داوایان لە دادگا کردووە گرتە ڤیدیۆیییەکانی کامێراکانی چاودێری پێشکەش بکرێن و لێ بدرێنەوە تا ڕاستیی ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتی و دادگا ڕوون ببنەوە.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی 22-8-2025دا، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە پاسەوان و کەسە نزیکەکانیان، لە دوای ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانێکی چەکداریی قورس لە هۆتێل لالەزاری شاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران و لەو کاتەوە دۆسیەکەیان لە دادگای تاوانەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندایە.